نوسینى : د.دانا فازڵ
بۆچی ئەزموون گرنگە؟ ..... لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:-
١- کات و توانا دەگێڕێتەوە، ئەزموون بریتیە لە ئەنجامدانی کارێک بە کەمترین کات و کامترین توانا، بۆ نموونە کەسێک ژووری نوستنێک دەکڕێت، ئەگەر خۆی پارچەکان ببەستێت لەوانەیە (١٠) سەعاتی پێ بچێت، ئەوە ئەگەر لێی بزانێت، بەڵام ئەو کەسەی کاری خۆیەتی بە (١) سەعات تەواوی دەکات.
٢- پارەی زیاتری پێ پەیدا دەکات، بۆ نموونە لە کوردستاندا فەرمانبەری وا هەیە بۆ (٨) سەعات کارکردن لە ڕۆژێکدا مانگانە (٣٠٠) هەزار دینار وەردەگرێت، لە بەرامبەردا هەیە بۆ هەمان کات کەسی بە ئەزموون لەوانەیە (١٠) قاتی ئەو پارەیەی دەست بکەوێت.
٣- هەڵە و زیان کەم دەکاتەوە، کەسی خاوەن ئەزموون بەجۆرێک کارەکە ئەنجام دەدات کە کەمترین هەڵە بکات و خەسارەی زۆر کەم بێت، ئەم خاڵە لە کارە وردەکاندا زیاتر گرنگی هەیە وەکو ئەوانەی پەیوەندییان هەیە بە (ژیانی مرۆڤ، پارە، بەڕێوەبردن، پەروەردە کردن، ... هتد).
٤- کوالیتی ئەنجامدانی کارەکان بەرز دەکاتەوە، بۆ نموونە هەمووان دەزانن چێشت ئامادە بکەن، بەڵام شێفی بە توانا دەزانێت تام و لەزەت و ڕەنگی جوانتر بدات بە خواردنەکە.
ڕێگاکانی کۆکردنەوەی ئەزموون:-
١- ڕێگای کەوتن و هەستانەوە:- مرۆڤایەتی لەدێر زەمانەوە بەم ڕێگەیە ئەزموونی کۆکردووەتەوە، بە واتای ئەوەی کارێک تاقی بکەرەوە دوای چەندین کەوتن جارێک ڕێگات لە ڕێگە ڕاستەکە دەکەوێت.
- باشیەکانی:-
أ- خۆت سەرچاوەی ئەزموونەکەیت.
ب- تێچووی کەمە و لەگەڵ خۆت باش کار دەکات.
- خراپیەکانی:-
أ- ڕێژەی ڕاستیەکەی بەرز نیە، لەبەر ئەوەی هەڵسەنگاندنی تەنها لای خۆتەوە بۆ کراوە و لە یەک ئاست و بارودۆخدا تاقی کراوەتەوە.
ب- کات و تەمەنی زۆری دەوێت تا پێی دەگەیت، هەندێک جار دەوترێت وەک پزیشکێک وایە هەتا ئەزموون وەردەگرێت دەستی لەرزۆک دەبێت ناتوانێ نەشتەرگەری سەرکەوتوو ئەنجام بدات.
٢- ڕێگای ڕاهێنان بە تاک و بە کۆ:- ڕاهێنان واتا کەسێک هەبێت ئەزموونەکەی خۆی بگوازێتەوە بۆ کەسێک یان کەسانێکی تر، تەکنیک و ستراتیژیەتی جۆراو جۆر بەکار دەهێنێت تا ئەوەی لەلای ئەو هەیە بە ڕێکوپێکی بگاتە کەسی بەرامبەر، دوو شێوازی هەیە وەک:-
- ڕاهێنانی بەکۆمەڵ:- ڕاهێنەر هەیە، پاکێجی ڕاهێنان هەیە، ڕاهێنراو هەیە، ئەمانە لە کات و شوێنێک کۆدەبنەوە و بە تەکنیکی جۆراو جۆر و بە پراکتیک کار لەسەر کارامەیی و گواستنەوەی ئەزموونەکە دەکەن، لێرەدا گرنگە ڕاهێنەر بە چاوی خۆی بیبینێت و دڵنیا بێت لەوەی کە کارەکە وەکو پێویست ئەنجام دەدەن.
- ڕاهێنانی تاک:- جاری وا هەیە یەک ڕاهێنەر و یەک ڕاهێنراو هەیە، ئەزموونی یەکەم بۆ دووەم دەگوازرێتەوە، بۆ نموونە (ڕاهێنانی سەرۆک کۆمار و سەرکردەکان لەسەر ئەتەکیتی هەڵسوکەوت و ڕەفتار و جلوبەرگ)، (وەستا و شاگرد)، ..... هتد.
٣- ۆرک شۆپ و کارکردن بە گروپ:- ئەم شێوازە بریتیە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس بۆ ئەوەی بە هەموویانەوە کارێک ئەنجام بدەن، هیچ یەکێکیان ئەزموونی تەواویان نیە لە کارەکە، بەڵام هەریەکەیان کەمێک ئەزموونیان هەیە و بە هەموویانەوە و بە شێوەیەکی تەواوکاری کارەکە ئەنجام دەدەن و سوود لە ئەزموونی یەکتر وەردەگرن.
٤- کۆنگرە و کۆنفرانسەکان:- بریتیە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس لەسەر بابەتێک و بەشێوەیەکی گشتی بۆ ئەو بابەتانە دەبێت کە نوێیە و هیچ کەسێک ئەزموونی تاقیکراوەی تیایدا نیە، کەسەکان ئەزموونی سەرکەوتووی کاری هاوشێوەیان هەیە و دەیانەوێت بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەمووان و پێکەوە بگەنە ڕێگەیەک کە کەمترین هەڵە و خەسارەی هەبێت لە کاتی ئەنجامدانیدا.
٥- بە نموونە وەرگرتنی کەسە سەرکەوتووەکان دۆزینەوەی ڕێگاکانیان:- ئەم ڕێگایە بۆ ئەو حاڵەتانە دەبێت کە لە جیهاندا کەسانێک هەن ئەزموونی سەرکەوتنیان هەیە، بۆ نموونە لە بواری (دەوڵەمەند بوون، ئیدارەدانی سەرکەوتوو، سەرکردایەتی کردن، ... هتد)، جا یان کەسی خاوەن ئەزموون نایەوێت ئەزموونەکەی بدات بە کەسانی تر، یان نازانێت بیگوازێتەوە، لەم حاڵەتەدا تەکنیکی بە نموونە کردن بەکاردێت بۆ وەرگرتنی ئەزموونی ئەو کەسانە، ئەویش بە ڕێگەی لێکۆڵینەوە ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی هەمان سەرکەوتن و ئەزموونیان هەیە لە بوارێکدا، پاشان هەڵسوکەوت و تەکنیکەکانیان وەردەگیرێت و دوای بەراورد تەکنیکە هاوبەشەکان کۆدەکرێتەوە و لە کەسانی تردا تاقی دەکرێتەوە، بەم ڕێگەیە دەوترێت بە نموونە کردن.
تێبینیەکی گرنگ بۆ گەنجان لەسەر (ئەزموون):-
دامەزراوەو کۆمپانیاکان هەمیشە بە دوای کەسی بە ئەزمووندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی کارەکانیان جوان بۆ ڕاپەرێنن، ئەی بۆچی کۆمپانیاکان کەسانی بێ ئەزموون ناهێنن و پییان بگەیەنن، زۆر بەکورتی لەبەر ئەوەی پارە و کاتی پێویستە، ئەی ئەگەر کەسێکی بە ئەزموونیان هێنا، ئەو کات هەردووکیانی بۆ دەگەڕێتەوە.
کەواتە گەنجان گرنگە خۆیان بەرپرسیارێتی بەئەزموون کردنی خۆیان لە ئەستۆ بگرن هەر لە سەرەتای تەمەنەوە، بە واتایەکی تر تا زووتر دەست پێبکەن ئەنجامیان باشتر دەبێت، لە قۆناغی ناوەندی باشترە لە قۆناغی ئامادەیی، لە ئامادەیی باشترە لە زانکۆ، لەم قۆناغانە باشترە وەک لە دواتر، لەبەر ئەوەی لە قۆناغی فێرخوازیدا کەسەکان کاتی زۆر و پەیوەستی دارایی و کۆمەڵایەتی کەمیان لەسەر شانە و زوتریش پێدەگەن.
پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە دەڵێت، چۆن و بە چ ڕێگەیەک ئەزموون کۆبکەینەوە؟ لە وەڵامدا دەڵێین بەو پێنج ڕێگاکەی سەرەوە، پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە دەڵین پارەمان نیە لە ڕاهێنان و خۆپێگەیاندن سەرفی بکەین؟ دەڵێین بە خۆبەخشی کار بکەن و داوای پارە مەکەن، جارێکی تر پرسیار دەکەنەوە و دەڵێن بە خۆبەخشیش جێگامان ناکەنەوە، دەڵێین خۆتان کار دروست بکەن، لە کەسوکارتان وەری بگرن، زۆر هەوڵ بدەن، کۆڵ مەدەن، خۆتان بەرپرسیارێتی خۆتان لە ئەستۆ بگرن، لەبەر ئەوەی دواجار خۆت بە بەرهەمی باش و خراپی خۆت دەدوریتەوە.
تێبینی:-
ئەزموون بە سەرف کردنی تەمەن و هەوڵدانی زۆر دەست دەکەوێت، لەبەر ئەوە زۆر بە بەهایە و سەرمایەیەکی گەورەیە بۆ خاوەنەکەی، نەک هەر خۆی بە قیمەت و بە بەهایە بەڵکو هەر تەکنیکێک ڕێگای وەرگرتنی ئەزموون کورت بکاتەوە ئەویش هەر گران و بە قیمەتە، ڕێگای سەرکەوتنیش بەرەو ڕووی کەسانی بە ئەزموون کراوەیەو جیهانی نوێش ئەزمووندارەکان دەخاتە ڕیزی پێشەوە.